بەیانی ڕۆژی یەکشەنبە (۲۲ی گەلاوێژی ۱۴۰۲ی هەتاوی)بە بۆنەی کۆچی دوایی خاڵە موستەفا(خزری)، چوومە شاری شنۆیە، شوکری خوا! هەم بۆ نۆێژ لەسەر کرنەکەی و هەم بۆ خاکسپاردنەکە گەیشتمێ. وادیارە لە شنۆ، قەبری ئامادە نییە. لە مەهاباد قەبری ئامادە هەیە. لە شنۆیە لە ماڵێ یا لە مزگەوتێ مردووی دەی شۆن، بەڵام لە مەهاباد مردوشۆروو مزگەووت هەر لە حەساری گۆڕستانی ئەو شارەدایە، ژن و مێردەک لەوێن و پیاوەکە پیاوان و ژنەکەش، ژنان دەشوات، مەلای گەڕەکی دێ نۆێژی لەسەر دەکاو و تەڵقینی دەدا.
کۆڕی پرسە:
لە شارەکانی موکریان یەکێتی ڕەواڵ(وحدت رویە) نییە. هەر شارەی شێوازی خۆی هەیە؛ جاری وایە هەر گەڕەکەی کۆڕی پرسەی جۆرێکە. لە (شنۆ) هەندەک گەڕەک دو ڕۆژ (دانی بەیانی و دانی دوای نیوەڕۆ)، دو ڕۆژ بەڵام هەردانی دوای نیوەڕۆ، یەک ڕۆژ بەیانی و هێوارێ، (پیرانشار) بەشی زۆر، دوو ڕۆژ دانی بەیانی و هێوارێ. (مەهاباد، سەردەشت، بۆکان و سەقز) یەک ڕۆژە. کە من خۆم یەک ڕۆژەکە (دانی بەیانی و پاش‌نیوەڕۆ)م بەلاوە پەسەندترە. شنۆ و پیرانشار وەک چۆن بۆ بەشی ئافرەتان خەلیفە دەگرن، بۆ بەشی پیاوەکانیش فاتیحاخوێنەکی دێنن کە فاتیحایان دابدا. لە سەردەشت مامۆستای مزگەوت فاتیحای دادەدات. لە مەهاباد هەر کەس هاتە ژورێ بۆخۆی فاتیحای خۆی دادەدات. بەڕەحمت بێ جارێک من خۆم لە“حاجی عەزیزی ئیبڕاهیمیان”م گوێ لێبوو؛ گوتی: لە مەهاباد سەرەخۆشی لەماڵان بوو بە پێشنیار پێشەوا(قازی موحەممەد)هێنرایە مزگەوت و دو دانی دوای نیوەڕۆ دانرا. حاجی عەزیز‌ یەکێ لە ئەفسەرانی ناردراوای سەردەمی کۆمار بوو بۆ باکۆ. دوای  ئەم بڕیارە دانراوە پرسە لە مزگەوت و هەر کەس خۆی فاتیحای خۆی دابدات.
تا دەیەی هەشتا، لە هیچ کۆ ئافرەت بۆ کۆڕی ماتەمین نەدەهاتنە مزگەوت و هەر لە ماڵێ دەبوون، وابزانم ساڵی ۱۳٨۵ی هەتاوی بوو لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد دانیشتنێک دانرا سەبارەت بە سەرەخۆشی کە ڕاگەیەندرا لە دو مزگەوت (مەولوی، خانەقای شەمزینان) لە هەندەک سەرەخۆشی بەیانیانیش دادەنیش و ژنیش دێنە مزگەوت بۆ سەرەخۆشی، من کە خۆم لە کۆڕەکە بووم مامۆستایان کۆدەنگ بوون، کە لەمە بەدواوە نابێ دانی بەیانی بێ، چەند خاڵی دیکەش بوون، بەڵام بەداخە عەمەلی نەکرا. دەبێ ئەوەش بڵەم لە ساڵانی ڕابردوو تەنیا ریش سپی و گەوررەی ماڵێ دەچۆ سەرەخۆشی. ئەوکات جگە لە سابڵاغ لە هەموو شارەکان پرسە سێ ڕۆژ بوو. لەم دواییانە قوڕئان دەخرایە سەر بڵیندگۆ، چا دادەنرا وەک ئێستاکە نەبوو دەرگای ماڵێ گاڵە بدرێ و خڕ و درشت بچنە سەرەخۆشی. کەس بۆ نان و چا نەدەچۆ ماڵە خاوەن مردووی، بەڵکە مەجومعە دەهاتە مزگەوتێ و هەرەوەزێکی خۆماڵی بوو. لێرەدا ئەوبابەتەی دێڵمەوە بۆ کاتێکی دی و کەسانێ دی کە باسی لێوە بکەن. 
من و مامۆستا مەلا ئەسعەدی شەڕافەت
لە گۆڕستانی خەلیفە مەلاخدر (شنۆ) چاووم بە “مامۆستا مەلا ئەسعەدی شەڕافەت” کەوت، هەر لە منداڵێوە مامۆستای دەناسم دۆستی نزیکی خوالێخۆشبوو “کاکە خالید”ەم بووە. پێکەوە فەقێ بوون بیرەوەریان پێکەوە زۆرە. ماوەیەک پێکەوە لە ئاڵ‌وێری و زێڕگەری شەریک بوون. مامۆستا ئێستا خانەنشینەو لە بەستێنی جۆراوجۆردا چالاکی دەنوێنێ؛ وەک: وەرگێڕان، نوسینەوەی مێژوی کوردوستان و کارگەلی ئەدەبیی. دەبێ ئاماژە بکەم تا کو ئێستا چەندین بەر هەمی هاتۆتە حاسڵاتێ و چاپ کراوون و چەن بەرهەمی تری بەڕێوەن و ئیشاللا دەرفەتی چاپکردنیان بۆ دەرەخسێ.
لەگەڵ مامۆستای وتوێژەکی کورتمان ئەنجام داو و چەند وێنەیەکمان لە پەنا مامۆستا “ئەمین بەلەدی شنۆ” کێشا، ماڵی مامۆستا ئاوەدان بێ گۆڕی مامۆستا ئەمین شنۆیی پێ ناساندم.
ناساندنی مامۆستامەلا ئەسعەد(الف شەڕافەت)
مامۆستا وەک لە پێشەکی کتێبی”گەورە پیاوانی شنۆ” ئاوا خۆی دەناسێنێ کە لە ساڵی ۱۳۳۷ی هەتاوی چاووی بە دنیا هەڵێناوە. ساڵی ۱۳۴۶ی هەتاوی لە گوندی نەرزیوە دەچێتە قوتابخانە. ساڵی ۱۳۴۹ی هەتاوی تا ساڵی ۱۳۵۳ی هەتاوی دەچێتە حوجرەی فەقێیان لەم ماوەیەدا لە حوجرەکانی شنۆ، لاجان، سەردەشت و کوردوستانی باشوور؛ وەک حاجی ئومەران، زینوێ شێخی، گوندی بەستێ و بووران لە دۆڵی باڵەکایەتی و ماوەیەکیش لە سلێمانیە و چەند ئاوایی دیکە درێژە بە خوێندن دەدات. مامۆستا کتێبی (سیوطی)تەواو دەکات و دەست دەکا بە (شرح نظام) بەڵام بە هۆی فەقیرو هەژاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و دێتەوە زێدی خۆی و ساڵی ۱۳۵۵ی هەتاوی دەچێتە سەربازی، مامۆستا دەڵێ لەگەڵ شای گۆڕ بەگۆڕ پێکەوە خزمەتمان تەواوبوو، ئەو هەڵات بۆ دەرەوەی وڵات و منیش گەڕامەوە بۆ شنۆ.
بەرهەمەکانی مامۆستا
۱ـ خۆناسی و خوداناسی شێخ تاجەددینی شنۆیی
۲ـ چواریەنێکانی پیری‌خوڕاسان شیخ ابوسعیدابولخیر
۳ـ مێژوی پەیدابونی فەلسەفە لە کوردوستان و یونان
۴ـ تاریخی کوردو کوردوستان تا پەیدابوونی ئیسلام
۵ـ دیوانی الف(اسعد) شەڕافت
۶ـ گەورە پیاوانی شنۆ
من لە نزیکەوە ئاگام لە هەندەک هەوڵی مامۆستا هەیە، بەداخەوە نوسەرانی ئێمە گەلێ بێنازن، هاوکارییان ناکرێ، خۆشیش نییە بەڵام هەر دەیگێڕمەوە، بۆوەی بزاندرێ کاری لێکۆڵینەوە ئەویش لە چەشنی مەیدانی، چەندە ئەستەمە، جارێ لە ماڵە دۆستێ بووم خاون ماڵ گوشییەکەی زەنگی خوارد، دیار بوو مامۆستا مەلا ئەسعەد لە پشتی گوشییەکە بوو، پرسیاری لە خەساری سێڵاوی ئەوێ ساڵێی شنۆیە دەکرد، کە چ ساڵێک بووە چ زیانێکی لێ کەوتۆتەوە؟ ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخا کە کاری لێکۆڵینەوە چەند دژوارە بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمە، کە دیکۆمێنت‌سازی، بەدووا دا چوون چەند ئەستەمە، کابرا دەڵێ جا نوسین چییە؟ لێکۆڵینەوە چیە؟ منیش دەتوانم ئەم کارە بکەم. بەڕاستی کاری مەیدانی و لێکۆڵینەوە، دەبێ روحیەو ورەی بەرزت هەبێ تا بابەتەکە دێتە سەر رۆپەڕی کاغەزو و خوێنەر جێژی لێ وەردەگرێ و بۆ بەرەی داهاتوو دەبێتە میتۆدوو بەڵگەنامە.
بۆ ئەم مامۆستا بەڕێزە داوای تەمەن درێژی دەکەم و هیوادارم قەڵەمی لەبەڕەو نەکەوێ و خوای گەورە سەرکەوتوی کات.
منداڵ بووم لە کۆڕی مەولوودی، شێعر و مناجات زۆرم گوێ لە ناوی ئەمین شنۆیی دەبوو. بنەماڵەکەیم دەناسی کاک ئەحمەد بەلەدی لە دۆستانی نزیکی کاک سەیید خالیدی برام بوو. لە شنۆ و  ناوچە خۆش‌نێوون. 
سەرەتا ناساندی  مامۆستا "ئەمین شنۆیی"
لەم گۆڕستانە تەنیا ئەم گوڕە دوراو دوور دیارە، چوار لایەنی بەقەرا نیو گەز لە عەردی بەرز کراوەتەوە. پێنج کۆڵەکەی هەیە، کە هەر یەکە بەقەرایە دو گەزوو نیو دبڵیندن، بە میچەکی سەبزی قوببەدار، وەک کڵاو بە دەوران دەوری کۆڵەکەکانەوە بەستراوەتەوە. 
دوای دیتنی گۆڕی ئەم پیاوە گەورە بڕیارم دا جارێ تر دیوانەکەی هەڵدەمەوەو لێی بخوێنمەوە، ئەم دیوانەی من هەمە ساڵی ۱۳۹٨ی هەتاوی لە لایان بڵاوکردنەوەی کوردوستان لە سنە و لە ژێر چاوەدێری کاک ئەحمەد بەلەدی لە چاپ دراوە. دوای خوێندنەوەی پێشەکی بەشێک لە نوسەران دەستم کرد بە خوێندنەوەی پێشەکی کاک ئەحمەدی قازی کە زیاتر “مامۆستا ئەمین بەلەدی”، لەبواری ئەدەبی و ڕۆنبێژی و ڕەوان بێژی بە خوێنەران دەناسێنی
ناساندن: ساڵی ۱۲۶٨ی هەتاوی لە دایک دەبێ و ساڵی ۱۳۳۳ی هەتاوی لە شاری شنۆ دنیا بەجێ دێڵێ، لە گۆڕستانی خەلیفە مەلا خدر بەخاک دەسپێردرێ، ئەوەندە لەناو دڵی خەڵکی شنۆ جێگای بۆتەوە، کاتی کۆچ کردنی، تەواوی شار و بازاری شنۆ دادەخرێ. من لێرەوە کارم بە شێوازی خوێندنی نییە، تەنیا ئاماژە بە هەندەک تایبەتمەندێکانی ئەم شاعیر و خواناسەی موکریان دەکەم.
تایبەتمەندێکانی:
ئەلیف) شاعیرێکی زۆر بە توانا بووە، لەپربێژ(فی‌البداهە) شیعری بۆ هاتووە. لێرەدا ئاماژە بە یەکێ لەم هۆنراونەی دەکەم، کە بەداخەوە گەڕام بە دوایدا لە دیوانەکەی‌دا نەبوو، ئەمیش ئەم هۆنراوەی مامۆستا ئەمین شنۆیی لەسەر گۆڕی خوالێخۆشبوو عەللامە مامۆستا مەلا سەیید حەسەنی واژی، کە لەسەر زمانی زۆرێک لە خزمان دا هەیە و دوپاتی دەکەنەوە. کاتێ مامۆستا مەلا سەیید حەسەن واژی لە ساڵی ۱۳۲۹ی هەتاوی کۆچ دەکا و لە کاتی بەخاک سپاردنی مامۆستا ئەمین شنۆیی پڕبێژ(فی البداهە) ئەم هۆنراوەی بۆ گوتووە:
من کلام امین بلدی:
عالمی بوده ملا سید حسن،
پاک دین و پاک قلب و پاک تن،
سال مرگش کن به خورشیدی حساب.
قصرجنت سید حسن کرده وطن.
کە بە پێی ژماری ئەبجەد ساڵی کۆچی دەبێتە ۱۳۲۹ی هەتاوی
کاتێ گەڕام بەدوای ئەم هۆنراوە لەم دیوانە نەم دیتەوە، ڕۆژی چوارشەنبە(۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۲ی هەتاوی) دوای نوێژی ئێوارێ پێوەندیم گرت بە مامۆستا ئەحمەد بەلەدی کە سەرپرشتیاری لە چاپ دانی ئەم دیوانە بووە. ڕوداوەکەم بۆ گێڕاوە. سەرەتا زۆر خۆشحاڵ بوو بەم زەنگ لێدانە و فەرمووی ئەم دیوانە دوکەڕەت لەچاپ دراوە ئەویش ئێمە بۆ خۆمان لە سەر زمانی خەڵکی کۆمان کردۆتەوە کە ئەم نوسخەی لەبەر دەستی تۆدایە ئاخەرین چاپە، چاپی هەوڵیش بڵاڤگۆی سروە لە چاپی داوە. مامۆستا بەلەدی ئاخێکی هەڵکێشا و فەرمووی بەداخەوە کاتی خۆی باپیرم(ئەمین شنۆیی) هەموو دیوان و نوسراوەکانی بە خەتتی خۆی نوسیبۆوە کە درا بە بڵاڤگۆیەک لە سابڵاغ بڕیار بوو لە چاپ بدرێ کە بەداخەوە هیچ کە لە چاپ نەدرا؛ بەڵکە نوسراوەکەشمان دەست نەکەوتەوە. ئەم هۆنراوە کە لەبارەی مامۆستا سەیید حەسەنە، یەکەم جارە گۆێم لێ دەبێ و  تەنیا ئەم هۆنراوە نەبووە؛ دوای لە چاپ دانی دیوانی چاپی دووهەم زۆر کەس شیعری مامۆستا ئەمین شنۆیی لە لا بووە بۆیان هێناوین ئیشاڵڵا لە چابی دوایید بێ گومان ئەوانە کۆدەکەینەوەو دەیان خەینە بەر دیدی خوێنەران.
مامۆستا ئەحمەد ئەگەر زانی برای خوالێخۆشبوو “موحەممەد خالیدی واژی”م فرمێسکی بەچاوان دا هاتەخوارێ و فەرموی موحەممەد خالید خۆشەویست ترین و باشترین دۆستم بوو. بیرەوەریمان پێکەوە زۆرە لە کاتی چاو پێکەوتن بۆتانی دەگێڕمەوە.
ب) مامۆستا ئەمین شنۆیی بە چوار زمان؛ واتە: زمانی دایک(کوردی)، فارسی، تورکی و عەڕەبی‌دا زاڵ بووە.
ج) بەداخەوە ئەم شاعیرە گەورەیە کەمتر ناسراوە؛ تەنیا مامۆستا گیوی موکریانی لە چەند دێڕێک‌دا باس لەم شاعیرە گەوریە دەکا.
د) مامۆستا ئەمین، هەم شاعیرێکی بەتوانا، هەم خواناس و زۆریشی هۆگری بە زێدی خۆی شنۆ بووە لە جامەیەک دا لە وەسفی خۆشەویست(د. خ)دەڵێ: [شەرمەندەیە گوڵ، ئەز ڕوخی زیبایی موحەممەد. سازەندەیە بولبول، لە تەماشایی موحەممەد]. لە کۆتایی دا دەڵێ: [شەرمەندە و شێواو و پەرێشان و حەزینم. لەو شاری شنۆ بێکەس و بێچارە ئەمینم]. زۆرێک لە دەنگ خۆشەکانی کوردوستانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە کۆڕی زیکر لە ڕێوڕەسمی مەولوودی و خانەقاکان دەیخوێننەوە.
ه)ـ  پیاوێکی زۆر دڵئاوەڵا و ئەهلی خێر و خێرات بووە.
و) ـ یەکەم شارەداری شنۆیە بووە.
ح)ماوەیەک بەرپرسی فەرهەنگ و مامۆستای قوتابخانە بووە و ماوەیەکیش، بەر پرسی ئاماری ئەم شارە بووە.
دەکرێ بۆ زیاتر ئاشنا بوون لەگەڵ ژیانی ئەم شاعیرەی موکریان واتە "دیوانی ئەمین شنۆیی" لە بڵاوکرنەوی ئینتیشاڕاتی کوردوستان بیخوێن‌نەوە.
خۆشەویستان با بگەڕێمەوە کۆڕی پرسەی خاڵە موستەفا،
دوای گەڕانەو بۆ ماڵێ لەماڵی جیرانی ماڵە خاڵەموستەفام دانیشتبوین، لە خزمەت حاجی شەفیعی خزری کە بەردەوام خەریکی چالاکی لە بەستێنی جۆراو جۆر دایە، وەک ناسین و ناساندنی گژو و گیای خۆماڵی، ناسین و ناساندنی شوێنەوارە مێژویەکان، لە چاپ دانی بەشێک لە بەرهەمەکانی عەللامە قازی خزری وە لەم دواییانەش دا لە چاپ دانی بەرهەمێکی ناوازی “خاطرات وفایی” بە زمانی فارسی کە لێرەوە جارێ تر دەست خۆشی پێ دەڵەین، حاجی شەفیع دەقێکی نوسیبۆوە و گلییی و گازەندەی هەبوو لە سەر “مامۆستا حەمە باقی” کە لە چاپی هەوڵی بیرەوەرێکانی مامۆستا وەفایی ئاماژەی کردووە کە ئەم دەست نوسەی لە لایان مامۆستا قازی خزری شنۆ بەدەست گەیشتوە وەرم گێراوەتە سەر زمانی کوردی بەڵام لە چاپی دوهەم‌دا ئاماژە بەم خاڵە ناکا. هیوادارم مامۆستا “حەمە باقی” لە چاپەکانی دواییدا حەتمەن ئاماژە بەم خاڵانە بکەن چوون ئەمە بە جۆڕێک دزینی زانستییە.
دوای نان و چا، تۆزێک بۆ ئیستڕاحەت کردن لەگەڵ کاک عوسمانی ئەمین عەشایری و کاک سەیید حەیدەر حوسەینی، چوینە ماڵە حاجی حامید حەمزاقایی و کاتژمێر ۳ی، چوینەوە مزگەوت(شهرک) کەسێک لەسەر کورسی دانیشتبوو فاتیحاکانی دادەدا، منیش لە پەنا خزمان دانیشتبووم. دو خزمی کە نەمدەناسینەوە کە هەردەک برابوون کاک جەسیم و کاک ئەبوبەکری مەعڕوف (جمالی) کۆڕانی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا حەسەنی مەعڕوف (جەماڵی) دنیایەک سپاسیان دەکەم هەندەک بابەتی نوێیان بۆ باس کردم و زۆرم کەڵک لێ وەرگرتن.
توا دوعای بەخێر و بۆ خاڵە موستەفا لەبیر نەچێ کە لە گەڵ برا چوکەکەی واتە خاڵە ساڵح، پەنجا شەویان نێوان بوو، بینایی چاوان هەردووکیان بخاتە ژێڕ ئاڵایە خۆشەیستی.
ئیتر تا دیدارو سەفەرێکی تر بە خواتان دەسپێرم
نوسەر: سەیید موحەممەد ئەمین واژی/مەهاباد
ئەمڕۆ دووشەممە
۱۶ی ڕەبیعولئەووەلی ۱۴۴۵مانگی
۱۰ی ڕەزبەری ۱٤۰۲ی هەتاوی